پاشنیوەڕۆی چوارشەممە ٢٠٢٢/٨/٢٤، نوێنەرانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و چەند دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی وەک کتێبخانەی تەفسیر (هەولێر)، غەزەلنووس، سەردەم، بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین (سلێمانی) و نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە “کۆشکی سیتەک” لەگەڵ بەڵێندەری پیشانگای نێوەدەوڵەتیی سلێمانی کۆبوونەوە، بۆ پرس و ڕاوێژ و قسەکردن سەبارەت بە چوارەم پیشانگا کە بڕیارە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێ. زۆری کەموکووڕیی ساڵانی ڕابوردوو بەڕاشکاوی خرایەڕوو، وەک بەشدارنەبوونی دەزگا بەناوبانگە عەرەبی و ئێرانییەکان و حکوومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری و پەروەردە و خوێندنی باڵا بەتایبەتی و خۆلادانی حکوومەت لە هەموو هاوکارییەکی ماددی و مەعنەویی پیشانگاکە. بڕیارە لیژنەیەک لە نوێنەرانی دەزگاکانی چاپ بڵاوکردنەوە پێکبهێنرێ بۆ پێوەندیکردن بە حکوومەت و دەزگا بەناوبانگەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی عەرەبی و ئێرانی، تا ئەمەودوا پیشانگاکە گەرموگوڕی وگۆڕانکارییەکی تەواو بەخۆوە ببینێ.