ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٤/١/١٧ دەستەی گشتیی “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین”، بە سەرپەرشتیی دادوەری بەڕێز خاتوو هەردە ڕافع عەزیز و نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی بەشی کۆمەڵەکان، بەڕێزان: هەڵۆ یاسین وەستا محەمەد، بەکر عەبدوڵڵا مەجید و زانا لەتیف ڕەئوف، ئەنجومەنێکی نوێی بەڕێوەبردنیان لە ڕێوڕەسمێکی قانوونیدا و بە دەنگدانێکی ئاشکرای دیموکراتییانە هەڵبژارد؛ پاش ئەوەی ئەو دەستەیە لە چەند مانگی پێشوودا بە پێڕەوی ناوخۆی بنکەدا چووەوە و پێڕەوێکی نوێی بەپێی هەلومەرجی ئێستەی خۆی ئامادەکرد و ڕاستاند.
لەو هەڵبژاردنەدا، ڕەفیق ساڵح وەک سەرۆکی ئەنجومەن (کە دواتر دەبێتە بەڕێوەبەری بنکە) و سدیق ساڵح وەک جێگری سەرۆک و بەڕێزان محەمەدتەقی حسێن عەبدولڕەحمان و عەلی وەهاب ڕەزا و کرمانج زرار ئەبوبەکر بە ئەندامان و زریان محەمەدئەمین کەریم و سازگار صادق ئەحمەدیش بە ئەندامانی یەدەک هەڵبژێردران.
هیوا دەخوازرێ ئەنجومەنی نوێ لە قۆناغی تازەی کاری خۆیدا، پشتبەستوو بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەن و کەسانی بایەخداو بە کەلەپووری شارستانیی وڵات، ئەرکەکانی باشتر و وردتر و لێبڕاوانەتر بەجێبهێنێ و زیاتر ئەم دەزگایە بەرەو باری دامەزراوەیی و سەقامگیری ببا.
هەمان ڕۆژ و لە هەمان ژووری کۆبوونەوەی بنکەکەماندا، بەڕێز دادوەر هەردە ڕافع عەزیز کە کانوونی یەکەمی پار (٢٠٢٣) دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای سلێمانی دەستنیشانی کرد بە باشترین لێکۆڵەرەوەی دادوەریی دەستپاک و تۆڕی گەشەپێدانی پێڕەویش بڕوانامەی ڕێزلێنانی بە سەرپەرشتیی نوێنەرانی UN پێبەخشی، وەک بەڕێزیان بە پێویستی زانی، ئەو بڕوانامەیەی بەخشییەوە بە بەڕێز دادوەر جەمال سەدرەدین عەلی، کە نموونەی دادوەری سەرکەوتووی بەدادی لێهاتووە و ئەرکەکانی خۆی بە شێوەیێکی زۆر ئەکادیمی و یاسایی و بە دڵسۆزی و دەستپاکی و دادپەروەرانە جێبەجێکردوون و نەخشی بەرچاوی لە ڕێنوێنی و پێگەیاندنی چەندین پسپۆڕی یاساییدا هەبووە، کە ئێستە وەک دادوەری سەرکەوتوو لە دادگاکانی سلێمانیدا کاردەکەن.