ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٦/١ کاتژمێر ١٠:٣٠ی سەر لەبەیانی لە کتێبخانەی جەمال عیرفان،لە مەراسیمێکدا بنکەی ژین و دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان لە پڕۆژەیەکی هاوبەشدا لە چاپدانەوەی (کتێبی خولاصەیەکی تاریخی کورد کوردستان)ی ئەمین زەکی بەگیان ناساند، سەرەتا ئەندامی ئەنجومەنی بنکەی ژین سدیق ساڵح باسێکی گشتی لەسەر لەچاپدانەوەی کتێبەکە و ئەو گرفتانەی لەکاتی ڕێکخستنەوەیدا هەبوون خستەڕوو. پاشان د.کۆزاد محەمەد سەرۆکی بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی کورتەباسێکی زانستییانەی لەبارەی پەراوێزەکان و ئەو لایەنەی پەیوەندی بە مێژووی کۆنەوە هەیە ڕوونکردەوە. شایەنی باسە بەڕێزان د.زرار سدیق و د.حیسامەدین نەقشبەندی لەو مەراسیمەدا دەرفەتی ئامادەبوونیان بۆ نەڕەخسا و هەر لەوێدا هەوڵ و ماندووبوونی ئەوان لەم چاپە نوێیەدا خرایە ڕوو، کە هەر یەکەیان بەشێکی جیاوازی کتێبەکەیان لەئەستۆ گرتبوو.