شاندێکی لقی ٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان ئاری هەرسین، بەرپرسی لق و ڕەوەند کەمال فەرەج، کارگێڕی لق و بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان، سەریان لە بنکەکەمان دا.
هەموو یەکە و بەشەکانیان لەگەڵ بەسەرکرایەوە و باسوخواسی پێویستیان لەبارەوە بۆ کرا. پاشان لە دانیشتنێکی دۆستانەدا، باسی مەسەلەکانی ئەرشیف و کاروبار و ئامانجی ژین کرا و ئەو کێشە و گیروگرفتانەیش کە بەردەوام ڕووبەڕووی بەڕێوەبەرانی دەزگاکە دەبنەوە، خرانە بەر ڕووناکیی قسەلێکردن. بەڕێز بەرپرسی لقی ٤، بە خۆشحاڵییەوە دەستخۆشیی لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و کارمەندان کرد کە ئەرکێکی وەها گەورە و گرانیان خستووەتە ئەستۆی خۆیان و خۆشبەختانە بە سەرکەوتوویی بەئەنجامیان گەیاندووە.
شاندەکە -بەگشتی- سەرسامی ئەو عەشق و خولیا و پەرۆشییە بوو کە لە شێوەی بەڕێوەبردن و سەرۆکاریی ئەم دەزگا ئەرشیفییە کوردییەدا ڕەنگیانداوەتەوە و لای خۆیشیانەوە بەڵێنی هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکیان دا.