شاندی زانکۆی سلێمانی و سەردانی بنکەی ژین

سەعات ١٠ی بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٥/١/١٥ شاندێکی زانکۆی سلێمانی کە پێک‌هاتبوو لە بەڕێزان د. کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆ و د. خالید ئەحمەد مستەفا، ڕاگری کۆلیجی زانستە ئیسلامییەکان، د. تریفە عومەر، بەڕێوەبەری کتێبخانەی ناوەندی و چاپخانەی زانکۆ و د. یاسین ڕەشید حەسەن، بەرپرسی مەڵبەندی کوردۆلۆجی، بە هاوڕێیەتیی بەڕێز د. کاوە جەمال ڕەشید، سەری لە بنکەکەمان دا.
سەرەتا دانیشتنێکی بەسوود لە ژووری کۆبوونەوە کرا و هەردوو لا پاش گفتوگۆیێکی دۆستانەی هاوئامانج، ڕێک‌کەوتن زانکۆ لای خۆیەوە لیژنەیێک لە مامۆستایانی پسپۆڕ پێک‌بهێنێ بۆ داڕشتنەوەی نووسراوێکی نوێی لیک‌تێگەیشتن و بڕیاری لێ‌بدرێ، تا لەمەودوا ئاستی پێوەندییەکان بەرزتربکرێتەوە و زانکۆ کەڵکی زیاتر لە کۆکراوە گرانبەهاکەی ژین وەربگرێ و هەردوو لا پتر هاوکاری و پشتیوانیی یەکتر بکەن بۆ خزمەتێکی هاوبەش و گشتی. نوێنەرانی هەردوو لا چاوەڕوانن و بەهیوان ئەو قەناعەت و تێگەیشتنە بە کردەوە بەجێ‌بهێنن.