سەردانی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حوسەینی

سەعات ١٠ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٠٢٣/١١/١١ بەڕێز پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حوسەین عەبدوڵڵای ناسراو بە ئەیاد حوسەینی، کە ئێستە ڕاگری کۆلیجی هونەرە لە زانکۆی نەهرەین (سەدامی کۆن)ی بەغدا، لەگەڵ کۆمەڵێک خۆشنووسی دیاری شاری سلێمانی، لەوانە بەڕێزان نەریمان عوسمان، سدیق حەمەئەمین، ئەحمەد سەعید، پشتیوان سەڵاح محەممەد، شێرکۆ عەزیز، شەوکەت خالید، ئاری موختار، هیوا حەمەساڵح، سەربەست نامیق، دانا ڕەشید و ستار عوسمان و دەرسیم موحسین سەری لە بنکەکەمان دا.
بەڕێزیان شادمان و سەرسام بوو بە کار و چالاکییەکانی بنکەی ژین و لە نزیکەوە هەندێ بەشی بینی. پاشان ئەو بەڕێزانە لە کۆبوونەوەیێکی دۆستانەدا ڕێزنامەی کۆمەڵەی خۆشنووسانی سلێمانی‌یان بەخشی بە دکتۆر ئەیاد، بۆ ڕێزنان لە بەهرە و چالاکیی بەردەوامی لە بواری هونەری خۆشنووسی‌دا.
جێگەی باسە، بەڕێزیان سێ ئیجازەی خۆشنووسیی لە گەورەخۆشنووسانی جیهانی ئیسلامی، خوالێخۆشبووان حامید ئامەدی و یووسف ذەنوون و سەیید ئیبراهیم وەرگرتووە و کۆمەڵێک کتێبی بڵاوکراوەی هەیە و پێشتر مامۆستای زانکۆ بووە لە زانکۆکانی عیراق و ئوردون و فەرەنسا و وڵاتانی کەنداو.