نیوەڕۆی سێشەممە ٢٠٢٥/٣/٢٥ بەڕێز دکتۆر لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عیراق، سەری لە بنکەکەمان دا. پاش پێشوازی، بەڕێزیان لەگەڵ بەڕێز ئیتتیحاد هادی فەرحان، هاوسەری بەهەشتی هیلال ناجی، ڕۆشنبیر و سیاسی و نووسەری گەورەی عیراقی، قردێلەی ژووری تایبەت بە کۆکراوەی ڕۆشنبیریی ئەو زاتەیان بڕی و بە فەرمی و ئاشکرا ژوورەکەیان کردەوە، لە کاتێکدا بنەماڵەکەی پێشتر کۆکراوەکەیان پێشکەشی ‘بنکەی ژین’ کردووە.
پاشان بەڕێز سەرۆککۆمار کۆکراوەکەی بەسەرکردەوە و شادمانبوو بە بینینی سەرچاوەگەل و وەرزنامە و کاتنامەی زۆر و گرنگی عەرەبی، کە خودابەخشیو کاتی خۆی کۆیکردوونەوە. پاشان کۆبوونەوەیێکی تایبەت لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆمار کرا و بەڕێزیان سەرنجی لەسەر ئەو خاڵە بوو کە بنکەکەمان و تەنانەت دەزگاکانیتری چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردستانیش وەکوو پێویست هەوڵیاننەداوە چاپەمەنیی کوردیی هەرێم بگەیێننە ناوچەکانیتری عیراق و درێغییانکردووە، لە کاتێکدا ئەرکی سەرشانمانە لەم ڕێیەوە زیاتر خۆمان بە هاووڵاتی و بەتایبەت ڕۆشنبیرانی عەرەب بناسێنین.
بەڕێزیان ئامادەگیی خۆی و نووسینگەکەیی لەم ڕووەوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکاری و یارمەتییەک نیشان دا. بەڕێوەبەرانی بنکەیش گفتیان دا ئەم لایەنە چارەسەربکەن و لەوەیش دووان کە پێوەندییان لەگەڵ چەند دەزگا و ناوەندی زانستیی عیراق و دەرەکیدا هەیە و داوایشیانکرد هەوڵبدرێ بۆ بەدەستهێنانی پێڕستی دەستنووسەکانی خانەی دەستنووسی عیراقی و وێنەی دەستنووسی زانایانی کورد کە بڕێکی زۆری لەو خانەیە کۆکراوەتەوە. جگە لەوە، باسی چەند مەسەلەیەکیتری ڕۆشنبیریش کرا.
شایانی وتنە، بەڕێز دکتۆر لەتیف ڕەشید دۆستێکی کۆنی بنکەکەمانە و پێش ئەم قۆناغی سەرۆککۆمارییەیشی و تا ئێستە، خۆی و خاتوو شانازی هاوسەری هاوکار و پشتیوانێکی دڵسۆزی ‘بنکەی ژین’ بوون و هەن و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنیش بە ڕێزەوە لەو هەڵوێستەیان دەڕوانێ و بەرز دەینرخێنێ.