سیمینارێکی تایبەت بە ساغکردنەوەی مێژوویی

“ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیومێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی”ی سەر بە زانکۆی سلێمانی، سەعات ١٠ی ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٠٢٥/١/٢١ سیمینارێکی بۆ سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەکەمان سازکرد لە هۆڵی سیمیناری خۆی، سەبارەت بە بایەخی ساغکردنەوەی مێژوویی و هەوڵەکانی لەم بوارەدا.
ئەویش سەرەتا ڕوونی‌کردەوە کە مێژوونووسیی کوردی هێشتا لە قۆناغی کۆکردنەوە و پەیداکردنی زانیاریدایە و ئەرکی سەرەکیی هەمووان کۆکردنەوەی زۆرترین کەرەستەیە پێوەندیی بە کورد و کوردستانەوە هەبێ، ئیتر هەر لە بەڵگەنامە و دەستنووسەوە بگرە تا کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار و بیرەوەرییەکانی مێژووی زارەکی. نەبوونی ئەم کەرەستانە وەکوو پێویست، کارێکی‌کردووە کە لێکۆڵینەوەی کوردی -بەگشتی- ناتەواو و نازانستی بێ. ئەمە جگە لەوە کە عەقڵی کوردی هێشتا گومان‌نەبەر و پرسیارنەکەرە و ڕەخنەگرنییە. هەرچی ساغکردنەوەی مێژووییشە، بە قسەی ئەو، جگە لە بەهرە و خولیا و خۆشەویستی و زانینی بایەخی کارەکە، پێویستی بە پاشخانێکی دەوڵەمەندی زانیاریی مێژوویی، زانینی زمانی زیاتر، پشوودرێژی و وردەکاری لە ناسینەوەی ناوی کەس و شوێن و ساڵ و ڕووداوەکان‌ و کۆششی لێبڕاوانە هەیە بۆ کۆکردنەوە و لێکدانی پارچەکانی بابەتی دەست‌بۆبراو بۆ دروستکردنی وێنەیەکی ڕوون و بێ‌کەموکووڕی.
سەبارەت بە کارەکانی خۆیشی لەم لایەنەوە، باسی‌کرد کە یەکێکیان زیندووکردنەوەی ڕۆژنامەوانیی کوردییە کە هەم ناساندنێکی گشتیی ڕۆژنامە یا گۆڤارەکە کراوە و هەم ژیاننامەی نووسەرانیشی هێنراوەتەوە، کە مێژوونووسیی کوردیی تێدا زۆر هەژارە. هەرچی پڕۆژەی “سەرجەمی بەرهەمی نووسەران”یشە، هەر کوێی پێویست‌بووبێ، پەراوێزی بۆ کراوە، وەک کتێبەکانی چیم دی، کۆکراوەی نووسینە ڕۆژنامەنووسییەکانی پیرەمێرد کە ئێستە لە دوایین قۆناغیدایە،.. هتد؛ یەکێکی‌تریان ساغکردنەوەی دەستنووسی وەک بیرەوەرییەکانی ئەحمەدی حەماغای پشدەری، بەسەرهاتووی کاکەڕەشید شەوقی، تەئریخی ئیمارەتی سۆران و پڕۆژەی مێژووی ئەدەبی کوردییەکەی بەهەشتی عەبدولواحید نووری؛ ٣یەکێکی‌تریشیان ساغکردنەوەی بەڵگەنامەیە بە کتێب و وتاری جیاجیا لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان‌دا، لە وێنەی “لە بەڵگەنامەکانی جووڵانەوەی شێخ مەحموودی حەفید”، دوو تۆماری شارەوانیی سلێمانی (ساڵانی ١٩٢٠-١٩٢٢، ١٩٢٣-١٩٢٤) و پڕۆژەی زیندووکردنەوەی ئەوراقی کۆکراوەی نووسەرانی مەزن تۆفیق وەهبی و ڕەفیق حیلمییە.
پاشان بەشداران هەندێ قسەیان لەبارەی بابەتەکەوە کرد و بایەخی ئەم لایەنەی مێژوونووسیی کوردییان خستەڕوو.