دیاریی کتێبخانەی کوردی لە ستۆکهۆڵم

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٤/٥/٢٢کتێبخانەی کوردی لە ستۆکهۆڵم، لە چوارچێوەی پێوەندییەکی ڕۆشنبیریی دۆستانەی نێوانمان‌دا بۆ هاوکاری و ئاڵوگۆڕی کتێب و بڵاوکراوەی‌تر، بۆ جاری دووەم دوو کارتۆن کتێب و گۆڤاری کوردیی ئەوروپای بە دیاری پێشکەشی یەکەی کتێبخانەی بنکەکەمان کرد، لە کاتێک‌دا پێشتر کارتۆنێکی بە هەمان شێوە ناردبوو و “بنکەی ژین”یش -لای خۆیەوە- سێ کارتۆن لەچاپدراوی خۆی و کتێبی‌تری بە دیاری بۆ ناردبوون.
دیاریی ئەم‌جارە زۆربەی بە شێوەزمانی کوردیی باکوورە و ئەم گۆڤارانەی تێدایە: بەربانگ، دەنگی کۆمکار، نوودەم، ڕۆژانوو، وان، دیدار، کلیک، هێڤی، هێلین، چرا، کوردستان تایمس، کوردستان پرێس، ڕێیا ئازادی، زەنگەڵ، بەرهەم، زانین، ڕووناکبیری، دوگر، کە بە کەمی گەیشتوونەتە لای ئێمە، بۆیە کەلێنی باش لە کتێبخانەکەمان پڕدەکەنەوە. بەم بۆنەیەوە پێویستی دەبینین بە گەرمی سوپاسی هاوڕێیانی بەڕێز نەوزاد هرووری و هێدی گۆمەیی، بەرپرسانی ئەو کتێبخانەیە، بکەین کە لەخۆبوردووانە دەست‌پێشخەرییان نوواندووە و ئەرکیان کێشاوە تا ئەم دیارییە گرانبەهایە بگاتەوە کوردستان، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتن بۆ خۆیان و کتێبخانەکەیان دەخوازین.