دیارییەکی‌تری مامۆستا شەوکەت مەلا ئیسماعیل

بەڕێز مامۆستا شەوکەت مەلا ئیسماعیل کە پێشتر کۆمەڵێکی نایابی کۆکراوەی کتێب و فەرهەنگەکانی خۆی بە دیاری پێشکەشی یەکەی کتێبخانەی بنکەکەمان کرد، ڕۆژی ٢٠٢٤/٤/٢٩ کۆمەڵێک فەرهەنگ و پێنج ڕۆژژمێر (مفکرة)ی ساڵانی شەستی خۆی -دیسان- بە دیاری پێشکەش‌کردین.
جێگەی باسە، مامۆستا شەوکەت وەک ئەفسەرێکی پۆلیس، سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول‌ چووەتە شاخ و وەک پسپۆڕێکی بواری بێ‌تەل و خوێندنەوەی جفرەی نهێنی، دەزگایێکی تایبەت بە بێ‌تەلی دامەزراندووە و خزمەتێکی گەورەی بە شۆڕش گەیاندووە و بووەتە سەرچاوەێکی هەرە گرنگی زانیاریی نهێنی سەبارەت بە حکوومەتی عیراق. ئەو ڕۆژژمێرانەیش بیرەوەریی خۆیەتی، کە ڕۆژانە لە گوند و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان تۆماری‌کردووە. بنکەی ژین، شەرەفمەندە کە کۆکراوەی ئەم زاتە ڕێزدارە لای خۆی دەپارێزێ و لای خۆیشیەوە -بەوپەڕی پێزانینەوە- سوپاسی زۆری دەکا و هیوای لەشی ساغ و تەمەنی درێژ و ئاسوودەییی بۆ دەخوازێ.