دیارییەکانی دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان

بنکەکەمان ساڵانێکە پێوەندییەکی توندوتۆڵی ڕۆشنبیریی لەگەڵ “دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان” و بەتایبەت بەڕێز دکتۆر تەها ڕەسووڵ، خاوەنی دەزگاکە دامەزراندووە. بەڕێزیان، هاوکارێکی بەردەوامە و خەرجیی لەچاپدانی بەشێکی کتێبەکانی ئەم دوایییەی کێشاوین و کتێبخانەی “بنکەی ژین”یشی لە هیچ یەکێک لە بەرهەمە لەچاپدراوەکانی دەزگاکەی بێ‌بەش‌نەکردووە؛ تا ئێستە ٣٧٩ سێ‌سەد و حەفتاونۆ کتێبی چاپکراوی خۆیی بە دیاری پێشکەش‌کردووین.
ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ژین، بە سوپاس و پێزانینەوە لەو هەڵوێستە دەڕوانێ و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتن و بەرهەمی زیاتریان بۆ دەخوازێ، بەتایبەت کە نابێ لەبیری‌بکەین “دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان” لە ساڵی ٢٠١٤ەوە و بە پەیدابوونی داعش و تێکچوونی بارودۆخی هەرێمی کوردستان‌، کەم‌وزۆر- لەو دەزگا دەگمەنانەی چاپ و بڵاوکردنەوە بوو لە هەرێم کە -خۆشبەختانە- چالاکیی چاپ و بڵاوکردنەوەی نەوەستاند و درێژەی بە کارەکانی خۆی دا، لەبەرئەوە لەم ڕووەوە جێگەی ستایش و ڕێزلێنانە و چاوەڕوانی کاری گەورەتری لێ‌دەکرێ.
کاری هەمووان بۆ خزمەتی پاک‌وبێگەردی کوردەواری ڕاست‌بێ.