نوسخەیێکی ئەسڵیی دەستنووسی ئەم کتێبەی ڕەحمەتی مەلا ئەسعەد خەیلانی کە لای بنەماڵەی ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسی گەورە حوسێن حوزنی موکریانی بووە، خودابەخشیو مامۆستا گیو موکریانی و دوو کەسیتر لەبەر ئەو نوسخەیەی دانەردا نووسیویانەتەوە بۆ ڕەحمەتی دکتۆر جەمال نەبەز، کاتێک خەریکی ئامادەکردنی دکتۆرانامەکەی بووە لەسەر محەمەدپاشای میری سۆران؛ سدیق ساڵح و ئارێز عەبدوڵڵا کاریان لەسەر ئامادەکردن و ساغکردنەوەی ناوەڕۆکەکەی کردووە، بە کتێبێکی ١٩٨ لاپەڕەی ١٧×٢٤سم لەچاپدراوە.
کتێبەکە، پێڕستێکی ناوی کەس و شوێن، فەرهەنگۆکێکی ڕوونکردنەوەی کۆمەڵێک وشە و زاروەی ناوچەیی، دوو پاشکۆشی خراوەتە تەک.
ئەم کتێبە کاتی خۆی مەلا ئەسعەد بە داوای سەیید تەهای نەهریی قایمقامی ڕەواندز (١٩٢٣-١٩٢٨) لە ماوەی شەش مانگدا نووسیویە و زانیارییەکانی بەگشتی نەبیستراو و بەنرخن، بەبێ گومان بریتین لە بیرەوەرییەکانی خۆی و مەلا عومەر ئەفەندیی باوکی ڕەحمەتیی و کەسانیتر، سەبارەت بەو میرایەتییە کوردییە. واتە ئەم کتێبە بیرەوەریی شایەتحاڵ و ئاگاداری بەسەرهاتەکانی ئەو ڕۆژگارەیە و بەوپێیە کەلێنێکی گەورە لە مێژووی قۆناغەکە پڕدەکاتەوە. کتێبەکە، جگە لە تۆمارکردنی ڕووداوە دیارەکانی میرایەتییەکە، ناوی دەیان زانا و شێخ و پیاوی بەناوبانگی ئەو دەمەی تێدا پارێزراون و ڕووناکییەکی زۆر دەخەنە سەر ژیانی زانستی و خوێندەواریی چەند زانایێکی هەڵکەوتووی ئەو دەورانە.
نامەیێکی نێردراوی مامۆستا گیو بۆ مامۆستا جەمال نەبەز و ئەو چەند لاپەڕەیەی کتێبی “ژیانی کێویی ناو کورد”ی فریدریک میللینگن کە تایبەتە بە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ڕەسووڵپاشای برای پاشای گەورە، کاتێک والیی وان بووە، کە بەهەشتی دکتۆر ناجی عەباس لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە و لە گۆڤاری “دەنگی گێتیی تازە”دا بڵاوبووەتەوە، لەبەر بایەخە مێژوویییەکەی، هەردوو کراونەتە پاشکۆی کتێبەکە.
یادی هەردوو بەهەشتی مامۆستا گیو موکریانی و مەلا ئەسعەد خەیلانی بەخێر، ئەمیان کە دەستنووسەکەی پاراستووە و مشووری نووسینەوەیی خواردووە و ئەویان کە مێژوویەکی پوخت و پڕزانیاریی میرایەتیی سۆرانی نووسیوە. دواجاریش هیوامانە بەم کارە، بەرهەمێکی ناوازەی گرانبەهامان پێشکەشی کتێبخانەی کوردی و خوێندەوارانی کورد کردبێ.