سەعات ١٥:١٠ی تاقی بەیانیی دووشەممە ٢٠٢٥/٤/٧، شاندێکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO بە سەرۆکایەتیی بەڕێز بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕێکخراو و ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەکەمان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز ڕەفیق ساڵح، سەرۆکی ئەنجومەن، بەپێی ڕێککەوتنێکی پێشوەخت، لە تەلاری بنکەی ژین کۆبوونەوە.
سەرەتا سەرۆکی ئەنجومەن بەخێرهاتنیکردن و ڕوونیکردەوە کە ئەم دەزگایە هەر لە هەووەڵی کاری خۆیەوە بە شێوەیەکی قازانجنەویست کاریکردووە و شادمانە کە توانیویە خزمەتێکی گشتی بکا. کاتی خۆیشی لە ٢٠٠٦ و سەروبەندی خۆسازکردندا بۆ پەنجاهەمین ساڵیادی کۆچی شێخ مەحموودی حەفید، کە نوێنەرانی ژین لە لیژنەی سەرپەرشتیی ساڵیادەکەدا بە جەختکردنەوە پێشنیازیانکرد ئەو خانووە بکڕدرێتەوە بۆ حکوومەت کە ساڵانی ١٩٢٣-١٩٢٤ ئامادەکرا بۆ ماڵی شێخ مەحموود وەک حوکمدار و مەلیکی کوردستان، داواکەیان بڕیاری لێدرا و بەڕێزان (بەهەشتی) دکتۆر کەمال فوئاد و عومەری سەیید عەلیش نەخشی بەرچاویان لە ئەنجامدانی کارەکەدا هەبوو.
ئێستەیش خۆشحاڵە کە بەشداری لە خزمەتی ئەم پڕۆژە گرنگەی “مۆزەخانەی مەلیک مەحموود”دا دەکا و ئامادەی هەموو خزمەت و کارێکە. پاشان بەڕێز بەختیار ئەحمەد بە پێزانینەوە لەوە دووا کە بنکەی ژین بەردەوام بەپیر هەر داواکارییەکیانەوە چووە و ئاواتی خواست ئەم پێوەندی و هاوکاری و هاوئاهەنگییە درێژەی هەبێ بۆ خزمەتی گشتی.
پاشتر هەردوو بەڕێزان نووسراوی لێکتێگەیشتنەکەیان ئیمزاکرد و هەردوو لایش وێنەیەکی یادگارییان بۆ مێژوو گرت.
