بنکەکەمان کە یەکێک لە ئەرک و ئامانجە سەرەکییەکانی کۆکردنەوە و پاراستن و زیندووکردنەوەی سامانی ڕۆژنامەگەریی کوردییە، هەر لە دامەزرانیەوە تا ئێستە نزیکەی چل ناونیشانی گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی ئاشکرا و نهێنیی، کە بە ئاسانی دەستناکەون، چاپ و بڵاوکردووەتەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەیشدا، چەند ساڵێکە لە هەوڵی پەیداکردنی سەرجەمی ژمارەکانی “الشرارة”ی ئۆرگانی عەرەبیی ‘یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان’دایە و خۆشبەختانە لە کۆی ٩٢ ژمارەی، ٨٩ ژمارەی لێ پەیداکردووە و وا خەریکە کاری پاککردنەوەی کۆمپیووتەریی تەواودەبێ. بەوپێیە ژمارەکانی: ٢ی ساڵی دووەمی ١٩٨٢ (کاتی خۆی پاش دەرچوون لە چاپ، فڕۆکەی عیراقی لێیداوە و هەموو نوسخەکانیی لەناوبردووە) و ژمارەی جووتی ١١-١٢ی ساڵی ١٩٨٦ی هێشتا دەستنەکەوتوون. ئەم ڕۆژنامەیە کە بەرهەمی قۆناغێکی مێژووی هاوچەرخی کوردەوارییە، کەلێنێکی گەورە لەو مێژووە پڕدەکاتەوە.
جێگەی باسە، بەڕێز فەرید ئەسەسەرد پێشەکییەکی ٦٠ لاپەڕەییی بۆ نووسیوە و لای خۆشمانەوە پێڕستی ناوەڕۆکی لە ١٥٠ لاپەڕەدا بۆ ئامادەکراوە و هەوڵی ناساندنی نووسەران و بەرپرسان و کارگەرانی ڕۆژنامەکە دراوە.
لێرەوە داوا لەو بەڕێزانە دەکەین کە ژمارە -بەتایبەت- نوقسانەکانی ئەم بڵاوکراوە بایەخدارەیان لەلایە، هاوکارمانبن و بەدەنگمانەوە بێن و هەر هیچ نەبێ، ڕێمانبدەن وێنەی ئەلکترۆنییان بگرینەوە، تا ڕۆژنامەکە وەک خۆی و بەبێ کەموکورتی بڵاوببێتەوە. پێشەکیش سوپاسی هەر یارمەتی و بەدەنگەوەهاتنێکتان دەکەین.