سەعات ١٠ی سەرلەبەیانیی شەممە ٢٠٢٢/٩/٣ “ڕێکخراوی زانست بۆ باس و توێژینەوە” کۆبوونەوەیەکی فراوانی لە هۆڵی ڕۆژنامەوانیی بنکەی ژین ڕێکخست بۆ قسەکردن و وتووێژ سەبارەت بە پڕۆژەی “ئینسکلۆپیدیای کورد و کوردستان” کە تا ئێستە ٣ سێ بەرگی لێ بڵاوکردووەتەوە. بابەتەکانی هەر بەرگێک لەوانە تایبەتن بە کەسێتییەکان، شوێن، چەمک و دەستەواژەکان. پڕۆژەکە بە شێوەی گرووپ کاری تێدا کراوە و کەسانێکی خێرخوازیش باربووی دارایییان کردووە. کۆبوونەوەی ئەمڕۆ کە کۆمەڵێک شارەزا و پسپۆڕی لە بواری جیاجیادا بۆ داوەتکرابوو، بۆ قسەکردن بوو لەبارەی کێشەکان و هەڵسەنگاندنی ئەو سێ بەرگە لەچاپدراوە و دیاریکردنی ڕێوشوێنەکانی گەشەپێدان و پێشخستنی پڕۆژەکە.