ڕێزلێنانی مامۆستا تەها بابان

پاشنیوەڕۆی دووشەممە ١٨ /٢ /٢٠١٩ شاندێکی بنکەی ژین سەری لە ماڵی بەڕێز مامۆستا تەها بابان دا لە شوقەکانی پاک‌سیتی، هەم بۆ سەرلێدانی پاش ئەوەی چەند مانگێکە دوچاری نەخۆشی بووە و ئێستا خۆشبەختانە کەوتووەتەوە سەر خۆی و ڕوولەچاکییە و هەم بۆ ڕێزلێنانی وەک پارێزەر و دادوەرێکی دیار و نووسەر و ڕۆشنبیرێکی بەهەڵوێست و خاوەند بەرهەمی گرانبەها. شاندەکە خۆشحاڵ بوو کە ئەو بەڕێزەی لە دۆخێکی تەندروستیی باشتردا بینی و هیوای خواست بە سەرکەوتوویی ئەم قۆناغی نەخۆشییە تێ‌پەڕێنێ. لە کۆتاییدا ڕێزنامەیەکی بە ناوی “بنکەی ژین”ەوە پێشکەشی بەڕێزیان کرد.
ژیاننامەی مامۆستا تەها بابان
ناوی تەواوی تەها ئەحمەد ساڵحە، ساڵی ١٩٣٤ لە شاری سلێمانی هاتووەتە دنیاوە. قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندیی لە زێدی خۆی تەواوکردووە. ١٩٥٨ گەواهینامەی لیسانسی لە کۆلیجی حقووق لە بەغدا وەرگرتووە. سەرەتا پارێزەریی کردووە، پاشان وەزیفەی قانوونیی لە دائیرەی چاککردنی کشت‌وکاڵی سلێمانی دیوە، تا ١٩٨٢ کە خانەنشین‌بووە و دیسان کەوتووەتەوە کاری پارێزەری. ساڵی ٢٠٠٠ وەک دادوەرێکی پلەی یەکەم چووەتە مەیدانی دادوەری و پلەی بەڕێوەبەری گشتیی دادی هەرێمی کوردستانی پێ سپێردراوە. پاشان ساڵی ٢٠٠٥ بووەتە ئەندامی دەستەی پێداچوونەوە و جێگری سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، تا لە ٢٠١٢دا خانەنشین‌کراوە.

ساڵی ١٩٦٨ ژیانی خێزانیی لەگەڵ خاتوو گەلاوێژی حاجی قادری جەبار پێک‌هێناوە و کچێک “کەیغان” و دوو کوڕ “پاکزاد” و “محەممەد”ی لێ بووە.
مامۆستا تەها، چالاکێکی بواری شانۆی کوردییە و بە نووسین و نوواندن بەشداریی تێدا کردووە. سەرەتای حەفتاکان، خەڵاتێکی شانۆییی بە ناوی “خەڵاتی بابان”ەوە داهێناوە و ماوەی چەند ساڵێک ساڵانە بەخشیویە بە هونەرمەندێکی هەڵکەوتوو. کۆمەڵێک نووسینیشی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی پێش و پاش ڕاپەڕین‌دا بڵاوکردووەتەوە. تاسەر وەک ڕۆشنبیرێکی بەهەڵوێست و دڵسۆزی مەسەلەی گەلەکەی ماوەتەوە.

بەرهەمە بڵاوکراوەکانی بە کتێب:
١. فریشتەکانی سەرزەمین- سەبارەت بەو کەسانەیە کە خزمەتی کۆمەڵی خۆیان کردووە..
٢. موعجیزە- ڕۆمانێکە لە ئەدەبی بەرگریی کورد دژ بە داگیرکەران.
٣. نەزار قەبانی، هەڵبژاردەیە لە چوار کتێبی پەخشانی ئەو زاتە.
٤. فریدریش دۆرنمات، زاناکانی سروشت- شانۆنامەیەکی لە عەرەبییەوە وەرگێڕدراوە.
٥. کۆستی شارێک- توێژینەوەیەکی مەیدانیی بەڵگەنامەیییە سەبارەت بە بۆردومانی ڕۆژی ٢٤/٤/١٩٧٤ی شاری قەڵادزێ.
٦. نوروز أو حکایة عید قومي.
٧. عالم الکرد المرعب- بنکەی ژین بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە.
٨. چەپکێک ڕۆشنبیری، ٣ بەرگ- کۆکراوەی سەرجەمی ئەو نووسینانەیە کە پێشتر بڵاوی کردوونەتەوە، یا هێشتا بڵاونەبوونەتەوە. بەرگی چوارەمیشی ئامادەیە و بەڕێوەیە بۆ بڵاوبوونەوە.

بەرهەمە بڵاونەکراوەکانی:
٩. هل کان عواد بندر قاضیا أم جلادا؟
١٠. عندما تتحول محکمة جنائیة الی حقل للدواجن- .
١١. دێی مەرگە- ساغکردنەوەیەکی مێژووییی بەڵگەنامەیییە.