كۆچی‌دواییی مامۆستا مستەفا ساڵح كەریم

ڕۆژی ١٦/ ١٢/ ٢٠١٨ ڕێکەوتی دووشەممە دڵی چیرۆکنووس و ڕۆژنامەنووس مامۆستا مستەفا ساڵح کەریم، لە ئەنجامی نەخۆشیی شێرپەنجەی پرۆستاتەوە، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا لە لێدان کەوت. سەعات سێی ئێوارەی هەمان ڕۆژ تەرمەکەی برایە گردی شێخ مارف لە گۆڕستانی سەیوان و بە خاک سپێردرا. مامۆستا مستەفا هەر لە لاوییەوە تێکەڵی کاری سیاسی و ڕۆشنبیری بووە. چەند جارێک تووشی گرتن و زیندان و دوورخستنەوە هاتووە. ماوەی 32 ساڵ مامۆستا و بەڕێوبەر و سەرپەرشتی پەروەردەییی بواری پەروەردە بووە لە قەڵادزێ‌، سێوسێنان، دارۆخان، چوارتا، سلێمانی، فەللوجە و ڕومادی. یەکەم نووسینی ١٩٤٩ لە گۆڤاری “گەلاوێژ”دا بڵاوبووەتەوە. لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا، سەرەتا وەك خۆبەخش دوو ساڵ لە ڕۆژنامەی “ژین”دا كاری كردووە و بۆ یەكەم جار “ستونی ڕۆژنامەنووسی”ی لەو ڕۆژنامەیەدا داهێناوە.
بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشایییەی كە ساڵانی ١٩٦٥- ١٩٦٨ لە جیهانی ڕۆژنامەنووسیی كوردیدا هەبوو، گۆڤاری كوردی- عەرەبیی “ڕابەر- المرشد”ی بە ناوی (قوتابخانەی سەرەتاییی شێخ محموود)ەوە دەركردووە، خۆی سەرۆكی نووسینی بووە و گەلێك نووسەران و شاعیری وەك هەردی، كامەران، دیلان، موحەررەم محەمەدئەمین، ع. ع. شەونم و ڕەئووف ئەحمەد ئالانی هاوكارییان كردووە. دوای ڕێككەوتننامەی ئازاری ١٩٧٠، بووە بە لێپرسراوی ڕاگەیاندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، دامەزرێن و یەكەم سكرتێری گۆڤاری “دەنگی مامۆستا”یش بووە كە بە پێشنیازی ئەو دەرچووە. بەشدار كۆنگرەكانی مامۆستایان و ئەدیبان و لاوانیش بووە لە بەغدا، هەولێر و سلێمانی. ١٩٧٠- ١٩٧٤ لە چوار كۆنفراسی یەكێتیی نووسەرانی كورددا چوار جار بە سكرتێری لقی سلێمانیی یەكێتیی نووسەران هەڵبژێردراوە و ساڵی ١٩٧٨ دوای گەڕانەوەی لە ڕومادی، بە سەڕۆكی لق هەڵبژێردراوە و بەشداریی لە هەموو چالاكییەكی یەكێتیی نووسەرانی كورددا كردووە لە سلێمانی، بەغدا، كەركوك، هەولێر، سەری ڕەش، سەڵاحەدین و دهۆك.
١٩٧١- ١٩٧٤ بە داوای شەهید دارا تۆفیق، كراوە بە لێپرسراوی نووسینگەی ڕۆژنامەی “التآ‌خي” لە سلێمانی. ١٩٧٤ چووەتە ڕیزی شۆڕشی ئەیلوولەوە، بە پێشنیازی شەهید دارا تۆفیق و پشتیوانیی هەژار موكریانی و دكتۆر كەمال مەزهەر، كراوە بە بەڕێوبەری ئێزگەی دەنگی كوردستانی عیراق. لە پاش ڕاپەڕینەوە تا ئێستا لە “كوردستانی نوێ‌” و “الاتحاد” دا كاری كردووە، لە ٢٠٠٠ەوە جێگری سەرنووسەری “الاتحاد” و لێپرسراوی نووسینگەكەی بووە لە سلێمانی. بەردەوام بووە لە نووسینی گۆشەی تایبەت لە “الاتحاد”دا بەم ناونیشانانە (سنابل، المرفأ الجید، بیدر الاثنین، الیوم الثالث). لە ١٢/ ١٢/ ٢٠١٢ بەدواوە، گۆشە هەفتانەی (گوڵەوەچنی)ی لە “كوردستانی نوێ‌”دا هەبووە.
نیو سەدە زیاترە لە بواری ئەدەبیدا نووسیویە‌ و چەندین بەرهەمی ئەدەبیی بەچاپ گەیاندووە، وەك نووسین و چیرۆك و وەڕگێڕان بە كوردی و عەرەبی. وتاری لە (ژین، هاوكاری، نووسەری كورد، دەنگی مامۆستا، كاروان، بەیان، كوردستانی نوێ‌، الاتحاد)دا بڵاوە. کۆمەڵێک کتێبی لە بەرهەمەكانی خۆی لە چاپ داوە و بڵاوبووەتەوە، وەک:

١. زڕەی زنجیر، چاپخانەی ژین- سلێمانی، ١٩٥٨.

٢. شەهیدانی قەڵای دمدم، چاپخانەی ژین- سلێمانی، ١٩٦٠.

٣. پەتا سپیەكە- وەرگێڕان، چاپخانەی دار الحریە- بەغدا، ١٩٨٤.

٤. پەندەكانی پیرەمێرد، كۆكردنەوە و ساغكردنەوەی لیژنەیەك، چ١، چاپخانەی الزمان- بەغدا، ١٩٨٤؛ چ٢، بەیرووت، ٢٠٠٦.

٥. ڕەشپۆشێكی جیهانی چوارەم، چاپخانەی الادیب- بەغدا، ١٩٨٤؛ چ٢، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی، ٢٠٠٣؛ چ٣، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی، ٢٠٠٦.

٦. هونەری كورتەچیرۆك‌نووسین- وەرگێڕان، چاپخانەی دار الحریە- بەغدا، ١٩٨٥.

٧. دایكی ئازادیخوازان- وەرگێڕان، چاپخانەی دار الحریە- بەغدا، ١٩٨٨.

٨. دیوانی پیرەمێرد، كۆكردنەوە و ساغكردنەوەی لیژنەیەك، چ١، چاپخانەی دار الجماهیر- بەغدا، ١٩٩٠؛ چ٢، چاپخانەی خاك- سلێمانی، ٢٠٠٤؛ چ٣، بەیرووت، ٢٠١٥.

٩. شهدا‌ء قلعە دمدم، ترجمە محمد البدري، مطبعة دار الصباح- بغداد، ٢٠٠٤.

١٠. رحلة الی بلاد الراین، مطبعة حمدي- السلیمانیة، ٢٠٠٥.

١١. باخێك لە وشە، چاپخانەی سەردەم- سلێمانی، ٢٠٠٦؛ چ٢، چاپخانەی پەنجەرە- تاران، ٢٠١٥.

١٢. الیوم الثالث، مطبعة حمدي- السلیمانیة، ٢٠٠٩.

١٣. ومیض الكلمات، مطبعة حمدي- السلیمانیة، ٢٠١٢.

١٤. یەكێتیی نووسەرانی كورد.. ڕێباز و هەڵوێست، چاپخانەی پیرەمێرد- سلێمانی، ٢٠١٢.

١٥. شهدا‌ء قلعة دمدم، ترجمة د. بندر علی أكبر، مطبعة دار الشؤون الثقافیة- بغداد، ٢٠١٦.