سەردانی پەرلەمانی کوردستان

ڕۆژی سێ‌شەممە، ٣/٩/٢٠١٩، بەڕێزان مامۆستا مەزهەر خالقی، سەرۆکی ئینستیتووتی کەلەپووری کورد و ڕەفیق ساڵح، سەرۆکی بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین، سەریان لە پەرلەمانی کوردستان دا لە شاری هەولێر. لەوێ، چاویان کەوت بە بەڕێزان دکتۆر ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و بۆیان ڕوون‌کردنەوە کە ئەم دوو دەزگایە ئەرکێکی گەورەی نیشتمانییان لە پازدە ساڵی ڕابوردوودا بەجێ‌هێناوە بۆ بنیاتنانی بناغەی ئەرشیفێکی کەلەپووری ماددی و ناماددی و کتێبخانەیەکی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان. بەوپێیە پێویستیان بەوەیە پەرلەمان بە دوو دەزگای نیشتمانی بیانناسێنێ و کارئاسانییان لای حکوومەتی هەرێم بۆ بکا، تا لەم خولەدا تێکڕای پێویستییەکانیان بۆ دابین‌بکا و لەو ڕێگەیەوە بتوانن هەم پسپۆڕ و شارەزای کارەکە پێ‌بگەیێنن و هەم کۆکراوەکانیان بە تەکنۆلۆجیای نوێ گەڵاڵەبکەن و ڕێک‌بخەن و فەراهەمی بکەن بۆ هەموو لێکۆڵەرەوە و توێژەرەوەیێک. هەمووان، لەم ڕووەوە ئامادەگییان نیشان دا پشتیوان و هاوکاری سەرخستنی ئەم پڕۆژە گرنگە بن.