سەردانی دکتۆر نەجمەدین بیجەر، مامۆستای زانکۆی نەجمەدین ئەربەکان

پێش‌نیوەڕۆی یەکشەممە ٢٨ /٧ /٢٠١٩ بەڕێز دکتۆر نەجمەدین بیجەر، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی نەجمەدین ئەربەکان لە شاری کۆنیا، بە یاوەریی خاتوو کەژاڵ سابیر خوێندکاری ئەو زانکۆیە و بەڕێز ڕێبین نەسرەددین، سەری لە بنکەی ژین دا. بەڕێزیان بەشەکانی دەستنووس، کتێبخانە، مشت‌وماڵدانی کەرەستەی ڕۆشنبیری، هۆڵی ڕۆژنامەوانی، مایکرۆفیلم، کتێبخانە تایبەتەکانی لە نزیکەوە بینی. پاشان گفت‌گۆیەکی درێژی لە دانیشتنێکدا لەگەڵ کرا، لەو ڕووەوە کە بنکەی ژین ناوەندێکی ئەرشیفیی بێ‌لایەنی زانستییە، هەوڵ‌دەدا خزمەتی مێژووی کورد و ناوچەکە بکا بە گشتی و هەموو کەرەستە و زانیارییەکی پێوەندیداری لەبارەوە کۆبکاتەوە و پەیدابکا. بنکە، پێویستی بە هاوکاریی تەکنیکی و زانستی هەیە و پێی خۆشە و بە پێویستی دەزانێ پێوەندیی زانستیی لەگەڵ داوودەزگا ئەرشیفی و زانستییەکانی تورکیا هەبێ. بۆ بەڕێزیان ڕوون‌کرایەوە کە هەرێمی کوردستان چەند سەد ساڵێک بەشێکی دەوڵەتی عوسمانی بووە و ئێستا زۆری دانراوی زانایان و نووسەرانی کوردی ئەو ڕۆژگارە و مێژووی ناوچەکەمان لە ئەرشیفەکانی ئەو وڵاتەدا پارێزراوە. بەوپێیە بنکە لە تێکۆشیندایە بۆ بەدەستهێنانی وێنەکانی ئەو پاشماوە مێژوویییە و ئامادەگیی هەیە بۆ دامەزراندنی “ناوەندی لێکۆڵینەوەی عوسمانی”. بەڕێزیان لە کۆتاییدا شادمان بوو بە بەسەرکردنەوەی کۆکراوە ڕۆشنبیرییەکەی بنکەی ژین و گفتی دا پێوەندیی لەگەڵ ناوەندی هاوشێوەی تورکیا بۆ بگرێ و نوێنەرانی بنکە یا ئەو ناوەندانەی تورکیا بێنە سەردانی یەکتر و هاوکاریی هاوبەشیان دەست پێ‌بکا. جێگەی باسە، دکتۆر بەکر بیجەر تا ئێستا سێ کتێبی مێژووییی لەبارەی کوردەوە بڵاوکردووەتەوە.