سەردانی خوێندکارانی بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی

ڕۆژی ١٩\١١\٢٠١٨ کۆمەڵێک لە خوێندکارانی بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی، سەریان لە بنکەی ژین دا. سەرەتا سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکە، پاش باسکردنی پوختەی ئەرک و ئامانج و چالاکیی ساڵانی پێشوو، هەموو بەشە جیاوازەکانی بنکەی گێڕان و کار و فەرمان و بایەخی هەریەکە لەو بەشانەی بۆ ڕوون‌کردنەوە، پاشان لە “هۆڵی پیرەمێرد” لەگەڵیان کۆبووەوە و هەم وردتر و هەمەلایەنەتر لە کاروباری بنکە، وەک دەزگایەکی زانستیی بەڵگاندن (توثیق) و لێکۆڵینەوە، دووا و هەم ئەرکی ئەم قۆناغە گرنگەی خوێندەواران و ڕۆشنبیرانی شی‌کردەوە و ئامادەگیی بنکەیشی نیشان دا بۆ هاوکاری و ڕێنوێنی و یارمەتییان.

شایانی باسە، بنکە لای خۆیەوە ئامادەی هەموو پێوەندییەکی زانستییە لەگەڵ دەزگاکانی ئەکادیمی و زانکۆکانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان و مایەی خۆشحاڵییەتی ئەگەر خوێندکاران و مامۆستایان و توێژەرەوەکان کەڵک لە گەنجینەی کۆکراوەکانی ببینن.