سەردانی خوێندکارانی بەشی زمانی کوردیی زانکۆی چەرمۆ

سەعات ١٠ی ڕۆژی پێنج‌شەممە، ١٠/ ١/ ٢٠١٩، خوێندکارانی پۆلی سێیەمی بەشی زمانی کوردیی زانکۆی چەرمۆ- چەمچەماڵ، بە سەرپەرشتیی مامۆستای دەرسەکەیان، بەڕیز دکتۆر سامان عیزەدین سەعدوون، سەریان لە بنکەی ژین دا. ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکە، سدیق ساڵح، پێشوازیی لێ کردن و سەرەتا لە ئەرک و ئامانج و کاروبارەکانی بنکە دووا و ڕوونی کردەوە کە سەردەمی پاش ڕاپەڕین، قۆناغی بایەخدانە بە سامانی کەلەپووری شارستانی و “بنکەی ژین”یش بۆ ئەوە دامەزراوە کە ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ و ئەم کەلێنەی دنیای ڕۆشنبیریی کوردی پڕبکاتەوە، کە خۆشبەختانە توانیویە گەنجینەیەکی گرانبەها بە هاوکاری و پشتیوانیی حکوومەت و دڵسۆزانی گەلەکەمان پێکەوەبنێ. ئامادەگیی بنکەیشی ڕانوواند بۆ هاوکاری و بەدەنگەوەهاتنی خوێندکاران بۆ هەر کارێکی زانستی. پاشان هەموو بەشە جیاوازەکانی بنکەی گێڕان و زانیاریی پێویستی سەبارەت بە هەر بەشێکیان بۆ ڕوون‌کردنەوە. خوێنکارانیش بەگشتی شادمان بوون کە یەکەم‌جارە دەزگایەکی وەهای نیشتمانی دەبینن.