سەردانی بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری

پێش‌نیوەڕۆی شەممە، ٢٧ /٧ /٢٠١٩، بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری بە یاوەریی بەڕێز خەلیل عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت، سەری لە بنکەی ژین دا. لە پێشدا هەموو بەشەکانی بنکەی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاگاداری کاروباری هەریەکەیان بوو. پاشتر سەرۆکی بنکە، لە دانیشتنێکی تایبەتدا، وردەکاریی کێشە و پێویستی و چاوەڕوانییەکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ڕوون‌کردەوە و هیوای هەم سەرکەوتنی بۆ خواست لە کارەکەیدا و هەم داوایشی کرد لەم خولە نوێیەی کابینەی حکوومەتدا پشتیوانییەکی زیاتری بنکە بکا بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانی و هانگاونانی بەرەو دامەزراوەبوون. بەڵێنیشی بە بەڕێزیان دا کە بنکە پشتیوان و هاوکاریان دەبێ بە ئاڕاستەی کارکردن بۆ بووژاندنەوەیەکی گشتیی ڕۆشنبیریی کوردی. دواجار بەڕێزیان سەرسامیی خۆی بەرامبەر بە ڕێک‌وپێکیی کاروبار و گەورەییی کۆکراوەکەی بنکە دەربڕی و گفتی دا هەرچیی پێ بکرێ بۆ خزمەتی بنکە، درێغی نەکا.