سەعات ١١ی بەیانیی پێنجشەممەی ڕێکەوتی ١١\١٠\٢٠١٨، بەڕێز دکتۆر حەمید بۆزئەرسلان کە میوانی “کۆنفرانسی داهاتووی کورد” بوو لە زانکۆی سلێمانی، سەری لە بنکەی ژین دا. بەڕێزان دکتۆر فێردیناند هانەبیشلەر و مامۆستا سەپانیش ئامادە بوون. دکتۆر حەمید، پاش بەسەرکردنەوەی هەموو بەشەکانی بنکە، شادمان بوو بە بینینی ئەم کۆکراوە مێژوویییەی بەڵگەنامە، دەستنووس، کتێب و ڕۆژنامەوانی. لای خۆیەوە پێشنیازی کرد، کۆبوونەوەیەکی گەورە لە نێوان “بنکەی ژین” و هەریەکە لە “ئینستیتووی کورد” لە پاریس و “کتێبخانەی کوردی” لە سوید سازبکرێ بۆ یەکخستنی کۆکراوەی کتێب، گۆڤار، ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی هەرسێ لا و خستنیە سەر ئینتەرنێت، بە شێوەیەک کە ببێتە پڕۆژەیەکی سێقۆڵی. بەوپێیە لەو ڕێیەوە هەم ئەم کۆکراوەیە لە فەوتان ڕزگاردەکرێ و هەم هەموو سەرچاوەیەکی کوردی دەخرێتە بەر دەستی لێکۆڵەرەوە و توێژەرەوەی کورد و بیانی. بنکە، هێندەی مەسەلەکە بەستە پێیەوە، ئامادەگیی نیشان دا بۆ پڕۆژەیەکی نیشتمانیی لەم شێوەیە و داواکار بوو بەڕێزیان هەوڵی دڵسۆزانەی خۆی بدا و کارەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا جێبەجێببێ.