خولی مەشقی مشت‌وماڵدانی دەستنووس

بنکەی ژین چەند ساڵێکە پێوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ “کتێبخانە و دەستنووسخانەی عەتەبەی پیرۆزی عەباسی لە کەربەلا”دا هەیە بە سەردان و هات‌وچۆ و ئاڵ‌وگۆڕی کتێب و شارەزاییی تەکنیکی. حەفتەی ڕابوردوو ڕۆژانی ٦-١١ /٤ /٢٠١٩ چوار پسپۆڕی ئەو دەزگایە: بەڕێزان لەیث عەلی حسێن لوطفی، لەطیف عەبدولزەهرە حەمزە جاسم، حەسەنێن ئەحمەد حەسەن حسێن و عەممار حسێن جەواد کاظم، بە داوەت و سەردانێکی ڕەسمی هاتنە بنکەی ژین. لە لایێکەوە هەوڵی سازکردنەوەی داتابەیزی بەشی کتێبخانەیان دا و لە لایێکی دیکەوە لە ژووری “مشت‌وماڵدانی دەستنووس” خولێکی مەشق و ڕاهێنانیان بۆ بنەما زانستییە سەرکییەکانی مشت‌وماڵدان و چارەسەری دەستنووس و کاغەز کردەوە، کە بەڕێزان لەیث عەلی و لەطیف عەبدولزەهرە بەڕێوەیان‌برد. جگە لە کارمەندانی بەشی “مشت‌وماڵدانی دەستنووس”، چەند کارمەندێکی هەر یەکە لە: ناوەندی کوردستان بۆ دیکۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی سەر بە زانکۆی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی، کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی و ڕێکخراوی “کەشکۆڵ”ی سەر بە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، بەشدارییان تێدا کرد. سەرپەرشتیی خولەکە لە لای بنکەوە سپێردرا بە بەڕێز جەزا ئەحمەد قادر. ئەم خولە ڕۆژانە لە سەعات ٥,8ی بەیانییەوە دەستی پێ دەکرد تا سەعات ٢ی پاش‌نیوەڕۆ. دوایین‌ڕۆژی ١١/٤ گەواهینامەی بەشداری درایە بەشدارەکان و پێشتر سدیق ساڵح -لەبریی سەرۆکی بنکە- سپاسی پسپۆڕانی عەتەبەی عەباسیی کرد کە ئەرکیان کێشاوە بۆ کردنەوەی ئەم خولە و پێشکەشکردنی نوێترین زانیاری سەبارەت بەم زانستە گرنگە و هیوای خواست ئەم پێوەندییە لەگەڵ عەتەبەی عەباسی بەردەوام و فراوانتر بکرێ بۆ خزمەتی گشتی. جێگەی باسە، هەر سەعات ٢ی ڕۆژی ١١/٤، “زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی” کۆڕێکی بۆ بەڕێزان حەسەنێن ئەحمەد و عەممار حسێن سازکرد لە “هۆڵی پیرەمێرد”ی ناو تەلاری ژین، کە ژمارەیەک کارمەند و پسپۆڕی کتێبخانە حکوومەتییەکانی ناو شاری سلێمانی بەشدارییان تێدا کرد. سێ بابەتی تێدا پێشکەش‌کرا سەبارەت بە: فایەلی پشت‌پێ‌بەستراوی دانەرانی عیراقی، کۆگای ئەلکترۆنیی نامە و تێزە زانکۆیییەکانی عیراق و توێژینەوە زانستییەکانی عیراق.