بەشداری لە ڕێ‌وڕەسمی ڕێزلێنانی مامۆستا محەمەدڕەشید ئەمینی‌دا

سەعات ٤ی پاش‌نیوەڕۆی ٥\ ٧\ ٢٠١٨ لیژنەیەکی تایبەت ڕێ‌وڕەسمێکی لە شاری پاوە بۆ ڕێزلێنانی مامۆستا محەمەدڕەشید ئەمینی، پسپۆڕی بواری ساغکردنەوەی دەستنووسی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سازکرا، لەپای ئەو خزمەتە زۆرانەی کە لە مەیدانی ڕزگارکردنی دەستنووسەکانی کوردەواری‌دا کردوونی و نزیکەی بیست بەرهەمی بە کتێب لێ بڵاوکردوونەوە. کۆڕەکە میوانانی سنە، جوانڕۆ، کرماشان، مازەندەران، مەهاباد و باشووری کوردستان ئامادەی بوون.

حاجی مامۆستا قادریی ئیمام‌جومعەی پاوە، دکتۆر مەحموودی بەرپرسی ئیرشادی پاوە، دکتۆر جەعفەری بەڕێوەبەری ئیرشادی کرماشان، دکتۆر محەمەد عەبدوولیی پسپۆڕی بواری دەستنووس و خاوەندی گۆڤاری کەشکۆڵ، دکتۆر ئەردەشیری کشاوەرز، ڕەئووف محەمەدپوور، ئەیووب ڕۆستەم، حەسەن عەبدولمالیکی، عەدنان مورادی و لە کۆتاییدا مامۆستا محەمەدڕەشید ئەمینی وتەیان تێدا خوێندەوە و پێشکەش‌کرد.

بەڕێز سدیق ساڵحیش، ئەندامی ئەنجومەنی بنکەی ژین، بە نوێنەرایەتیی بنکە ئامادەی کۆڕەکە بوو و وتەیەکی سەبارەت بە دەستنووسەکانی باشووری کوردستان و هەوڵەکانی پاراستنی دەستنووسی ناوچەکە و نەخشی بنکەی ژین لەم بوارەدا پێشکەش‌کرد.